سەردێڕ:

سودانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیشکداناوە لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان کۆبووەوە

PM:04:20:19/06/2025

1040 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ بەدواداچوونی رێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەندی فریاکەوتن بۆ تیشکدانەوەی ئەتۆمی و لە کۆبوونەوەکەدا پسپۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هیچ بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی تیشكەكان لە سەرتاسەری عێراق تۆمار نەكراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی (ژووری ئۆپراسیۆنە ناوەندییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكانی تیشكدانەوەو ئەتۆم)ی كرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبوونەوەكەدا سودانی گوێی بۆ كورتەیەكی پسپۆڕان گرتووە سەبارەت بە كاریگەریی سنووردار لەسەر عێراق ئەگەر هاتوو ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتی ئێران.

ئەوەش هاتووە، پسپۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردووە هیچ بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی تیشكەكان لە سەرتاسەری عێراق تۆمار نەكراوە.

سودانی داوای لە ژوری ئۆپراسیۆنەكان كردووە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان، بەوپێیەی عێراق ئەندامە لە رێككەوتنی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی رووداوە ئەتۆمییەكان، بەمەبەستی پێدانی داتاو زانیاری دروست لەبارەی دۆخە لەناكاوەكان و بەردەوامبوون لە دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەناكاو لە هەموو پارێزگاكان.

سودانی هەروەها فەرمانی کردووە کە ژووری دۆخە لەناكاوە تیشكدەرەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدا بێت لەپێناو چاودێریكردنی دۆخی تیشكدانەوە لە دەرەوەی سنورەكانی عێراق لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی رووداوەكاندا.













گەلەری