دۆخی ناوچەکە بەوشێوەیەیە کەباس دەکرێت، یان پلانی ترە؟
PM:01:55:12/06/2025
4024 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+
-
ئەو جوڵانەی
ئەمریکا لەهێزو کارمەندە دیپلۆماسیەکانیدا دەستی پێکردووە، دەکرێت وەک حۆ
ڕێکخستنەوەی ئەمریکا لەناوچەکە ببینین نەک ئامادەکاری بۆ شەڕێکی نوێ، چونکە هەر
گورزێکی ئیسرائیل لەئێران لەڕووی سەربازییەوە ئەو پلان و ستراتیژه ئابوری و
سیاسیەی ئەمریکا کەبەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ نەخشەی بۆکێشراوە، دەکەوێتە ژێر
مەترسییەکی گەورەوە، بۆیە شەڕ لەگەڵ ئێراندا لەپلانی ئەمریکادا قورسە.
ئەوەی لەسەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ
وڵاتانی کەنداو لەونزیکانە ئەنجامدرا، پلانێکی گرنگ و ویستێکی تایبەتیی سەرۆک
ترەمپیشە بۆ خێری داهاتووی ئەمریکا، کە خۆی لە چەندین گرێبەستی زەبەلاحی سەدان
میلیار دۆلاردا بینیەوە لەبواری ئابووریی و سەربازیدا، بێگومان بۆسەرکەوتنیی ئەم
ویست و قازانجەش، گورز وەشاندن لەئێران زەربێکی گەورەو کاریگەر خراپی دەبێت لەسەر
ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە.
کەواتە، ئەو شەڵەژانە سیاسییەی کەلەم
چەند ڕۆژەدا هەیە، لەڕێی لێدوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، زیاتر گوشارە لەسەر ئێران
بۆ ڕێککەوتنێک کە پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوی ڕابگرێت، کە زیاتر لۆبی جولەکە ئەم
دۆخەی هێناوەتە ئاراوە.
دۆستێکی نزیکی وەک سعودییە
بۆئەمریکا، کە دیدگای ٢٠٣٠ـی داڕشتووە، کە لەڕێیەوە دەتوانێت ببێتە یەکێک لەوڵاتە
پێشکەوتووەکانی جیهان بەتایبەت لەڕووی ئابورییەوە، دەلاقەیەکی ترە بۆئەوەی هۆکارێک
بێت گرژییەکانی ناوچەکە نەبێتە مایەی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئەمە جگە لەوڵاتانی تری
وەک ئیمارات و قەتەر کە چەندین گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ ئەمریکادا لەدواین سەردانی
سەرۆک ترەمپ دا ئیمزاکرد.
ئەوەی دیسانەوە هەستی پێدەکرێت
لەچڕبوونەوە و ئەگەری پێشهاتێکی نوێ، جگە لەفشار بۆ ملدانی ئێران، فشاری کتوپڕیشە
بۆ چونە نێو ڕێکەوتنی ئیبراهیمی و ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەلایەن وڵاتانی عەرەبی
و کەنداو، کە دیسانەوە ئەمەش لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و بەبەرگەیشتنی پرۆژە و
بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو وڵاتانە، چیتر ناتوانن خۆیان لەوەها هەنگاوێک بەدوور
بگرن و یاری بەکاتەوە بکەن، بۆیە هەموو ئەوەی ڕوودەدات، لەیەک پاکێجدا
دەبینرێنەوە، کەلەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە داڕێژراوە.
لەپاڵ هەموو ئەوانەدا، عێراق لەنێو
ئەم گرژی و ململانێیانەدا، کە ڕوودەدات، پریشکی بەردەکەوێت، بەتایبەت، بەئامانج
گرتنی ئەو سەرکردانەی لە ئێرانەوە نزیکن و لەئێستادا دووبارە دەرکەوتوونەتەوەو
هەڕەشە لە بەرژەوەندیی و پێگەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکەن، هەروا سانایی زەحمەتە
لێی دەربچن.